سەدەی حەسەن زیرەک

بەرزنرخاندن و ڕێزگرتنی ئەو مرۆڤانەی کە جێپەنجەیان لە پەرەسەندن و گەشە کردنی بوارە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی دا هەیە، بە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکان دێتە ئەژمار.

نەتەوەی کورد چوون خاوەنی کیانی سەربەخۆ نییە، بواری ئەوەی بۆ نەڕەخساوە تا بە گوێرەی پێویست لە بۆنە و ڕۆژە تایبەتییەکاندا ڕێزلە خزمەت و تێکۆشان و هەروەها ڕۆڵ و پێگەی کەسایەتییەکانی خۆی بگرێ.

حەسەن زیرەک یەکێک لە سیما هەرە ناسراو و دیاری نەتەوەکەمانە کە بە هۆی دەنگی خۆش و هونەری بەرزی جێگە و پێگەیەکی تایبەتی نەک هەر لە کوردستان، بەڵکوو لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین دا هەیە.

بەو هۆیەوە رێکخراوی جیهانی کورد، بە ئەرکی خۆی دەزانێ وێڕای دەستخۆشی، بە پێی توانا بە شداری و یارمەتی بە ئەنجامگەیاندنی ئەو پڕۆژەیەی کە لە لایەن ماڵپەری ڕۆژهەڵات/بۆکان، سەبارەت بە سەدەی حەسەن زیرەک لە توێی چەند بانگەوازێگدا ڕایگەیەندراوە، بکات.

بەو بۆنەوە داوا لە هۆگران و دڵسۆزان دەکەین تا لە پێناو هەرچی باشتر بەڕیوەبردن و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی پێوەندیدار بە سەدەی حەسەن زیرەک هاوکار و یاریدەدەرمان بن.

ڕێکخراوی جیهانی کورد
٢٦/٠٦/٢٠٢٠